18/08/2026
🔥 کارەساتەکەی تانجەرۆ: کاتێک دەستبەرداربوون لە ستاندارد، دەبێتە هۆی لەدەستدانی ملیۆنان دۆلار و ژیانی مرۆڤەکان
لە ڕوانگەی ئەندازیاریی پاراستن لە ئاگر (Fire Protection Engineering) و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی NFPA، ڕووداوە کارەساتبارەکەی تانجەرۆ لە سلێمانی دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراوی نەبوونی بنەماکانی سەلامەتی پیشەسازییە.
کێشە، کەمکوڕی و چارەسەری ئەندازیاری بە کورتی:
کێشەکە: سوتانی زیاتر لە ٣ ملیۆن لیتر بەنزین، برینداربوونی دەیان کەس، تیاچوونی دەیان تەنکەر و لەدەستدانی ملیۆنان دۆلار سەرمایە لە چەند کاتژمێرێکدا.
کەمکوڕییە ئەندازیارییەکان:
نەبوونی حەوزی گرتنەوە و دابڕین (D**e Wall / Secondary Containment) بەپێی کۆدی NFPA 30 بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی سوتەمەنی شل بۆ دەوروبەر.
نەبوونی تۆڕی ئۆتۆماتیکیی ساردکەرەوەی ئاو و کەف (Deluge & Foam Systems) بەپێی NFPA 11 & 15، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و ڕوودانی تەقینەوەی گەورەی BLEVE لە تانکییەکاندا.
نەبوونی سیستمی دابڕینی خێرای سووتەمەنی لە دوورەوە (Emergency Shutdown - ESD).
چارەسەر: پەنابردن بۆ دیزاین و جێبەجێکردنی تۆڕی ستانداردی ئاگرکوژێنەوە لەسەر دەستی ئەندازیاری پسپۆڕ و پابەندکردنی زۆرەملێی تەواوی کۆگا و کارگەکان بە کۆدەکانی NFPA.
قسەی من بۆ خاوەن کارگە و کۆگاکان:
ساڵانە چەندین کۆگا و کارگە لەبەردەم چاوماندا دەسووتێن و دەبنە خۆڵەمێش. تاڵترین ڕاستی ئەوەیە: ئەگەر تەنها یەک هەفتە پێش ئەم کارەساتە بچوویتایەتە لای خاوەنی ئەم شوێنە و پێت بووتایە ئەم شێوازی کارکردنە نائەندازیارییە مەترسییەکی گەورەیە و وەرن با بە چەند هەزار دۆلارێک سیستمێکی ستانداردی پاراستنتان بۆ دابمەزرێنین، بە پێکەنینەوە وەڵامی دەدایتەوە: (ئێمە دەیان ساڵە بەم شێوازە کار دەکەین و هیچیش ڕووی نەداوە!)
ئەم تێڕوانینە هەڵەیە هەموو ساڵێک چەندین پرۆژە و سەرمایە لەناودەبات. لە زانستی ئەندازیاریدا، (ڕووینەدانی کارەسات لە ڕابردوودا) بەڵگەی سەلامەتی شوێنەکەت نییە، بەڵکو تەنها دواکەوتنی کارەساتەکەیە.
کاتێک بۆ پاشەکەوتکردنی بڕە پارەیەکی کەم لە کاتی دروستکردندا پشت لە ئەندازیاری و سەلامەتی دەکەیت، دواجار دەبێت بە ملیۆنان دۆلار باجەکەی بدەیتەوە و ژیانی هاوڵاتییان و کارمەندانی فریاگوزاریش بخەیتە مەترسییەوە.
پاراستنی گیان و سەرمایە بە قسە و شێوازی کلاسیک ناکرێت؛ سەلامەتی بەشێک نییە لە دیکۆر، بەڵکو مەرجی یەکەمی مانەوە و کارکردنی هەر پڕۆژەیەکی پیشەسازییە.
تێبینی/ من زیاتر تەرکیزم لەسەر سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و نەهێشتنی گەورەبوونی کارەساتەکەیە پاش ڕوودانی ، قسەکردن لەسەر سەلامتی بەڕێوەبردن و هەوڵدان بۆ روونەدانی کارەساتەکان بەجێدەهێڵم بۆ کەسی پسپۆڕ