17/11/2026
13 هەڵەی باو لە دامەزراندنی سیستمی وزەی خۆر
1- قەبارەی نەگونجاوی وایەر و شلی لە بەستنی جەمسەرەکان.
بەکارهێنانی وایەری بچووک یان بەستنی شل و خراپی جەمسەرەکان دەبێتە هۆی گەرمبوون، ئاگرکەوتنەوە و کارەباگرتن.
2- پشتگوێخستنی بە زەوی گەیاندن (Earthing).
نەبوونی بە زەوی گەیاندن دەبێتە هۆی کارەباگرتنی مرۆڤ و سووتانی ئامێرەکان لە کاتی هەورە بروسکە یان شۆرتی کارەبا (Short Circuit).
3- دامەزراندنی خراپی پانێڵ و پێکهاتەکان.
نەبەستنی پانێڵەکان بە باشی بە سەربانەوە مەترسی کەوتن و زیانگەیاندن بە بینا و گیانی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەت لە کاتی باهۆز.
4- بەکارهێنانی کەلوپەلی کوالیتی نزم.
ئینڤێرتەر و باتری بێ سەرچاوەی متمانەپێکراو و بێ بڕوانامەی (Certification) گونجاو لەگەڵ ستانداردەکان مەترسی ئاگرکەوتنەوە و تێکچوونی خێرای سستەمیان هەیە. باتری بە تایبەت مەترسی گەرمبوونی بێکۆنترۆڵ (Thermal Runaway)ی هەیە.
5- هەڵە لە حسابکردنی قەبارەی ئامێرەکانی سیستم (Sizing).
- ئینڤێرتەری بچووک وزە دەبڕێت (Clipping) و بارگرانیی زۆر دروست دەکات.
- نەگونجانی ڤۆڵتیەی ڕیزی پەنێڵەکان (String) و ڕێژەی ڤۆڵتیەی دی سی ئینڤێرتەر دەبێتە هۆی تێکچوون یان دابەزینی چوستی .
- باتری نەگونجاو تەمەنی کورت دەبێتەوە.
6- پشتگوێخستنی ڕێنماییەکان و تۆمارکردن.
دامەزراندن بەبێ گوێدان بە ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا، ئەگەری سووتانی پێوەری کارەبای هەیە . ئەگەر سیستمەکە بەبێ تۆمارکردن بە تۆڕەوە ببەسترێت وزەی گەڕاوە (Export) ئەژمار ناکرێت.
7- ڕەچاونەکردنی سێبەر و شوێنی پانێڵەکان.
سێبەر کارایی سستم بەشێوەیەكی بەرچاوی دادەبەزێنێت. لە ڕیزی (String)دا یەک پانێڵی سێبەرگرتوو ووزەی هەموو ڕیزەکە کەم دەکاتەوە.
8- نەبوونی پاراستنی DC و AC.
بەکارنەهێنانی فیوز، بریکەری DC، پاراستن لە زیادە ڤۆڵت (SPD) و Isolator سیستمەکە بێ پارێزراوی دەهێڵێتەوە.
9- کابڵی DC بێ پاراستنی UV.
کابڵی ئاسایی لە دەرەوە بە تیشکی خۆر بەرگەکەی تێک دەچێت. دەبێت کێبڵی تایبەت بە کاری Solar بەکاربهێنرێت.
10- تێکەڵکردنی کۆنێکتەری MC4.
بەکارهێنانی کۆنێکتەری MC4ی بەرهەمی جیاواز لەگەڵ یەک مەترسی گەرمبوون و ئاگر زیاد ئەکات.
11- دانانی ئینڤێرتەر لە شوێنی گەرم و بێ هەوا.
چوستی دەدابەزێت و تەمەنی ئامێرەکە کورت دەبێتەوە.
12- نەبوونی پشکنین و چاودێریی خولی.
پاککردنەوەی پەنێڵەکان لە خۆڵ مانگی دوو جار و پشکنینی کۆنێکتەر و بەستنەکان بە لایەنی کەم ساڵانە پێویستە.
13-ڕێکخستنی هەڵەی Anti-Islanding.
لە سیستمی بەستراو بە تۆڕ، دەبێت ئینڤێرتەر لە کاتی بڕانی کارەبای تۆڕ خۆی بکوژێنێتەوە. ڕێکخستنی هەڵە مەترسی بۆ کارمەندانی چاککردنەوەی تۆڕی کارەبا دروست دەکات.
"تێبینیی گرنگ"
** ئەو کۆمپانیایانەی داشکاندن ئەکەن لە نرخی دانانی سیستمی ووزەی خۆر، پێویستە لەسەر حسابی ئەو خاڵانە نەبێت کە باسکران.
** پێش هەر هەنگاوێک ڕاوێژ بە پسپۆڕێکی بڕوانامەدار بکە بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خۆت.
ئەندازیار
چالاك عبدالكریم