10/11/2025
کاری شاپ و (فایبەر یان ئلیاف) ....
ســوود و بەکارهێنــانــی فایبەر و جۆرەکانی:
فایبەر : ڕیشاڵی قەبارە وورد و مامناوەندی پلاستیکی یان کانزایین و بەکاردەهێنرێن لە دروستکردن و بەهێزکردنی کەرەستەجیاوازەکان بەپێی جیاوازی جۆرەکانیان.
بێگومان فایبەر ماوەی چەندین ساڵە لەتەواوی پیشەسازی شارستانی و بیناسازیدا بەکارهاتووە کە پێشی دەڵێن (ئلیاف) بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسیش...
جـۆرەکانـــی فایبــەر:
١-ڕیشاڵی سلیلۆزی(Cellulose Fibers): ئەم ڕیشاڵانە لەهەندێ بەرهەمی ڕووەکی دروست دەکرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و کەمکردنەوەی شکان و درزبوونی مادەی پلاستیکی.
٢-ڕیشاڵی شووشەیی( Glass Fibers ): سوک و خۆڕاگر و بەهێزە و بەرگری لێدانی لەپڕی بەرزە و داخورانی کەمە بۆیە لە کەرەستەکانی بیناسازی و شارستانیدا بەکارهاتووە وەک دەرگا و پەنجەرە و بەلەم و فڕۆکە و وایەری کارەبایی و هتد...
٣-ڕیشاڵی پۆڵایی (Steel Fibers): ئەم ڕیشاڵانە لە (Carbon , Steel) پێکدێت و بەگشتی بۆ بەدەستهێنان و دابینکردنی کۆنکریتی بەهێز بەکاردێن.
٤-ڕیشاڵی دەستکردی ماکرۆ(Macro Synthetic Fibers): ئەم جۆرە نوێیەی ڕیشاڵەکان لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا وەک جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ ڕیشاڵی پۆڵایی دەرکەوتووە کە ڕیشاڵی قەبارە گەورە و مامناوەندن و لە مادە پلاستیکیەکانی وەک (پڕۆپلین و پۆلیمەر و هەندێ مادەی تر) دروست دەکرێن لەسەر هەمان شێوەی فیزیکی ڕیشاڵی پۆڵایی لە (شێوە و درێژی)دا.
٥-ڕیشاڵی دەستکردی مایکرۆ(Micro Synthetic Fibers): ئەم ڕیشاڵانە بەگشتی بۆ پاراستن و کەمکردنەوەی گرژی و درزبوونی پلاستیک لە ناو کۆنکریتدا و زیادکردن و بەهێزکردنی بۆندی نێوان پێکهاتەکانی کۆنکریت و ئیشی سکریدی بەکاردێت.
بەکـارهێنـانــی( فایبـەر یان ئلیـاف ) لەکاری شــاپدا:
شاپ چینێکی تەنکی کۆنکریتی تێکەڵی (لم و چیمەنتۆ و ئاو)ە بەبێ هیچ مەوادێکی ڕاگر و بەهێزکەری دیکە بۆیە پێوستی بە زیادکردنی هەندێک مەوادی تایبەتی دەبێت تاکو چینی شاپەکە پتەو و بەهێزبێت و دووربێت لە هەڵوەرین و درزبوون کە بەشێوەیەکی گشتی بەهۆی هەندێک کێشەی وەک (پیسبوونی لم ، پیسبوونی ژێر چینی شاپ ، گۆڕانی کەشوهەوا ، هتد)تووشی چینی دانراوی شاپەکە دەبێت،بۆ ئەم مەبەستەش باشترە (مادەی لکێنەر یان فایبەر یاخود هەردووکیان)ی بۆ زیادبکرێت...
بێ گومان ئەو جۆرە ڕیشاڵەی یاخود( فایبەر )کە بەکاردەهێنرێت لە ئیشی کۆنکریتی و سکریدی بریتیە لە [ڕیشاڵی دەستکردی وورد(مایکرۆ)] کە لە مادەکانی
[پۆلی پڕۆپلین(نایلۆن) ، پۆلی ئەثیلین ، پۆلیستێر ، مادە دەستکردەکانی تری وەکو کاربۆن و ئەرمید و ئەکریلیک] دروستدەکرێت کە بەکارهێنانی زۆر ئاسانەو بەخێرایی پەرت و بڵاو دەبێتەوە لەناو تێکەڵەکەدا...
جۆرەکانی فایبەری مایکرۆ کە پێشی دەڵێن (فایبەری پڕۆپیلین یان فایبەری بەهێزکەری کۆنکریت):
١-بە درێژی 6mm کە کێشی کیسەیەکی 100گرامە.
٢-بە درێژی 12mm کە کێشی کیسەیەکی 600گرامە.
٣-بە درێژی 18mm کە کێشی کیسەیەکی 1000گرامە.
٤-بە درێژی 20mm کە کێشی کیسەیەکی 900 گرامە.
چۆنیەتی بەکارهێنان:
پێویستە بۆ یەک کیسە چیمەنتۆ واتە 50kg لە چیمەنتۆ کیسەیەکی 100گرامی فایبەری تێبکرێت،سەرەتا قازانی پەمپ میکسەرەکە نیوە دەکرێت لە لم پاشان بڕی پێویست لە (چیمەنتۆ و ئاو و فایبەر)ەکەی تێدەکرێت تاکو تێکەڵی یەکتری ببن و دواتر نیوەکەی تری قازانەکە لمی تێدەکرێت و پڕدەکرێت واتە ئەم پرۆسەیەی تێکەڵکردنی مادەکان بەگشتی یەک بۆ دوو خولەکی پێوستە تاکو بەتەواوی تێکەڵی یەکتر دەبن، پاشان تێکەڵەکە دەنێرێت بۆ بەکارهێنان و دانان...
ســود و گرنگـی فایبـەر(ئلیـاف) لە شـاپدا:
١-زیادکردنی بەرگری دژی کڕاندن و سواندن و لێکردنەوە واتە داخوران و کەمکردنەوەی هەڵوەرین.
٢-زیادکردنی بەرگری دژی بەستن و شلبونەوە و دەڵاندنی ئاو.
٣-زیادکردنی بەرگری دژی بەرکەوتنی زەبری لەناکاو(Impact load).
٤-نەهێشتن و کەمکردنەوەی درز و گرژی..
٥-زیادکردنی هێزی پێکەوەنوسان واتە بۆندی نێوان دەنکۆڵەکان پتەودەکات.
٦-زیادکردنی Strengthی کۆنکریتەکە لە قۆناغی ئاوڕشێندا (curing) و توانای خۆگری (durability).
٧-پێویستی ئیشی چاکردنەوە و چارەسەرکردن(معالجە)کەم دەکاتەوە واتە ئیشی موعالەجەکردن ئاسان و بەهێز دەکات.
تێـبینـــی//
١-لەناوچە ساردەکاندا و لەپلەی گەرمای ژێر سفری سلیزی پێویستە فایبەر تێکەڵی شاپ کۆنکریت بکرێت لەگەڵ بەکارهێنانی مادەی دژەبەستن (Untifreeze) بۆ دووربوون لە کێشەی داخوران و هەڵوەرین.
٢-لەناوچە گەرمەکاندا و لە پلەی گەرمای 41سلیزی و بەرەو ژوورتر پێویستە فایبەر بەکاربهێنرێت بۆ دوربوون لە کێشەی ( Crack & Shrinkage)
٣-یەک کیسەی 900گم لە فایبەر بەسە بۆ 1مەترسێجا کۆنکریت...
٤-فایبەری جۆری 6mm بەکاردێت بۆ ئەستوری 2ملم وەکو لەبغی دیوار بەڵام جۆرەکانی تر بەکاردێت بۆ ئەستوری زیاتر لە 2ملم وەکو شاپ و جۆرەکانی تری کۆنکریت...
بەهیوای سوودگەیاندن...
ئەندازیار: هێمن حمەصاڵح
ئەمەش وێنەی هەندێک لە ئیشی سکریدی تێکەڵەی فایبەر و جۆرەکانی