24/02/2026
پارە و ئابوری جیهان بەدەوری چیدا دەخولێتەوە؟
🔻ووزە وکانزا کۆنترۆڵ بكرێت ئەوا سیاسەت و ئابوری و بەهای دراوی وڵات سەلامەت دەبێت
🔻ئایا زێڕ یان زیوو بكڕین بۆ داهاتوو؟
ئەم ئابورییە مۆدێرنە و سیستەمی داراییە دیجیتاڵەی ئێستا كە كاریگەری لەسەر سیاسەت و سیاسەتیش لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات ناتوانن بەبێ ”وزە و کانزاکان” نە جوڵە بکەن و نەگەشە. پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی مرۆڤایەتی پشتی بە ماسولکە خۆی و هێزی ئاژەڵ دەبەست بەڵام ئێستا پشت بە وزە (هایدرۆکاربۆن) ئینجا كانزاكان دەبەستێت بۆ دروست كردنی ئابوریەكی زاڵ. دەتوانین بڵێین ووزە جوڵە دروست دەکات و کانزاكانیش بەها و ئامرازەكان دروست دەكەن.
• پێكاهەتەی سەرەكی ووزە ”نەوت و گاز” بەرهەمی ئیشپێكەرن كە سووتان و گەرمی و ڕووناكیان هەیە، ڕۆڵی گەورەی هەیە لە کارپێکردن واتا ئەو سووتەمەنیەی دەکرێتە ناو ماتۆڕی دیلڤەری بۆ گەیاندنی خواردن تاکو ئەو فڕۆکەی کە گەشت و شەڕ و هەڕەشەی پێدەکرێت، هەموو ئەمانە پێویستیان بە سەرچاوەكانی وزە هەیە. لەلایەكی تر ئەوەی مرۆڤەكان بەردەوام بەكاریدەهێنن و سوودی لێ دەبینن ماددەی پلاستیكە كە لە زۆربەری بەرهەمەکان هەیە و ڕۆژانە مرۆڤ دەبێت پارەی پێدەدات و بەکار بهێنێت، وەك ئامێرەکانی مۆبایل و ئۆتۆمۆبێل و کەرەستەکانی ناو ماڵ وهتد..
ڕاستە ئێستا لە جیهاندا هەوڵ دەدرێت وزەی کاربۆنی کە دەکاتە (نەوت، خەڵوز، گاز) بگۆڕدرێ بۆ وزەی سەوز (خۆر، با، ئەتۆمی) بەڵام ئەم پڕۆژەیە هەم پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورە و پارەی زۆر هەیە هەم دیسانەوە پشت بە سوتەمەنی ”وزە”دەبەستێت.
• کانزاکان بەشێکی سەرەكین لە دروستکردنی جوانكاری و ئاوەدانی و کار ئاسانی و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و گەیاندن، هەموو ئەمانە لە ئاسن و مس و ئەلەمنێوم و زیو و زێڕ دروست دەکرێن. بەدەستهێنان و بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە کانزاکان لە پیشەسازیەکان وا دەکات ئابووریی ووڵات گەشە بکات (وەكو چین).
لەناو کانزاكاندا زێڕ و زیو جگە لە بابەتی جوانکاری پێیان دەوترێت کانزی دراویی. چونکە زۆر جار کە لە وڵاتان سووودی بانکی کەم دەکرێتەوە یان شەڕێک ڕوو دەدات سەرمایەدارەكان ڕوو لە كڕینی زێڕ دەكەن. وە هەندێک کات بەهۆی ناسەقامگیری دراوی وڵات یان داڕمانی دارایی وڵات خەڵك و سەرمایەداران ڕوو لە کڕینی زێڕ دەکەن.
لە لایکی تر بۆ دروست کردن و زیادكردنی ووزەی سەوز (تۆرباینی با و پانێڵی خۆ) هەتا ئەتۆم و ئۆتۆمۆبێلی کارەباییش لە دروستكردن و پەرەپێدانیان کانزای مس و زیو بەکاردێت لەبەر ئەوەی گەیەنەرێکی باشە هەروەها ئەلەمنیۆم بەکاردێت بە هۆی سوکی کێشەکەی، ئەگەر سەرنج بدەین ڕێژەی بەکارهێنانی کانزای مس لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دوو هێندەی ئۆتۆمبێلی ئاساییە.
ئەگەر بێتو ووڵاتانی پێشکەووتو پشت لە ووزە بکەن ”بە شێوەیەكی ڕێژەیی” دەبێت ڕوو لە کانزاکان بکەن بەڵام هەر پێویستیان بە وزە دەبێت بۆ دەرهێنان و کانگاکردن و پاڵاوتنی کانزاکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست و بەرزبوونەوەی نرخی کانزاکان،
بەمە بۆمان دەردەکەوێت ئابووری جیهان لەسەر بەردەستبوونی ووزە و كانزا بەڕێوەدەچێت، وە هەردوكیشیان كار بۆ یەكتری دەكەن چونكە ناتوانرێت وزە بەبێ کانزاکان بە ڕێژەی زۆر و خێرا دەربکرێت لە خاك و هەڵیبگریت و بیگوازیتەوە، ئەگەر وزە جووڵە دابین بکات، کانزاکان كارئاسانی و ژێرخان و بەها دیاری دەکەن. كەواتە ئەو وڵاتانەی کە کۆنتڕۆڵی یەدەگی وزەی دەکەن ئەوا وولاتی بەهێزن و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ناوچەیی یان جیهانی هەیە، بە پێچەوانەوە ئەو وڵاتانەی کە کۆنتڕۆڵی یەدەگی ووزە و کانزاکان نەکەن ئەوا ولاتی بێهێز و ناسەقامگیرن، بە کوردیەکەی ووزە وکانزا کۆنترۆڵ بكرێت و وەبەرهێنانی تێدا بكرێت ئەوا سیاسەت و ئابوری و بەهای دراوی وڵات سەلامەت دەبێت.
بیرمان نەچێت بە پێشکەوتنی زیاتری تەکنەلۆژیا ئابووری جیهانی زیاتر بەدەوری وزە و کانزاكان دەخولێتەوە.
بۆ هێشتنەوەی بەهای پاشەكەوت یان سەرمایەی تاك لەسەر بنەمای ئەمانەی سەرەوە دەردەكەوێت كە ئایا زێڕ یان زیوو بكڕین بۆ داهاتوو یان نا؟